
plus4
پێش 3 ڕۆژ
بافڵ تاڵەبانی لەبەغدا لەگەڵ سودانی سەبارەت بەمووچە کۆبووەوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی؛ سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و محەمەد شیاع سودانی؛ سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ لەبەغدا سەبارەت بەمووچەو ڕێککەوتنی نەوتی و داهاتی نانەوتیی هەرێم و چەندین پرسی گرنگ و هەنووکەیی کۆبوونەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا دوا پێشهات و ڕووداوەکانی عیراق و ناوچەکە تاوتوێکران، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نەوتیی هەرێمی کوردستان و عیراق و لابردنی سەرجەم ئاستەنگەکان لەبەردەم ئەو ڕێککەوتنەدا خرانە بەرباس.
سەرۆکی یەکێتی داوای لەسودانی کرد ڕێکارەکانی ناردنی مووچە خێراتر بکرێن تاکاتی دابەشکردنی مووچە لەهەرێم لەگەڵ عێراق یەکبخرێت.
هەر لەکۆبوونەوەکەدا، باس لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کراو جەختیان لەبەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە.
خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان لەهەرێمی کوردستان و عێراق، تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو، بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند: سودانی خۆی کوڕی شەهیدە، بۆیە گرنگیی تایبەت بەکەسوکاری شەهیدان داوەو ئەوەش شایەنی پێزانینە.
سەرۆکی یەکێتی داوای لەسودانی کرد پەلەبکرێت لەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
داواشیکرد دابەشکردنی مووچە ڕێکبخرێتەوەو مووچەخۆرانی هەرێم و عێراق پێکەوەو لەیەک کاتدا مووچەکانیان وەربگرن.