بافل- تيرؤركردن
ئاژانسی هەواڵی plus4
پێش 10 کاتژمێر

 

پیلانی تیرۆركردنی بافڵ جەلال تاڵەبانیان هەبوە؛
لەهەولێر هێزەكە دروستكراوە و راهێنانیان پێكراوە و بۆ سلێمانی گواستراونەتەوە
 

 

بەشێك لەچەكدارە دەستگیركراوەكانی ئوتێل لالەزار لەلێكۆڵینەوەكاندا دانیان بەوەداناوە كە پیلانی تیرۆركردنی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی هەبوە بەمەبەستی دەستگرتن بەسەر یەكێتیدا.

 

 

-    وردەكاری پیلانەكە:
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستی plus4 كەوتووە، لاهور جەنگی بورهان سەرۆكی بەرەی گەل، لەگەڵ بەرپرسێكی باڵای ئەمنی كە ئێستا نیشتەجێی هەولێرە، بەپاڵپشتی هەواڵگری دوو لایەنی نێوخۆیی و ئیقلیمی پلانەكەیان داڕشتووە بەمەبەستی دەستگرتن بەسەر یەكێتیدا.

 

لەسەرەتای ئەمساڵەوە كار لەسەر پیلانەكە كراوە، لەهەولێر ژمارەیەكی زۆر چەكدار دامەزرێندراوە و راهێنانیان پێكراوە.

 

بەنیازبونە هەمویان بەناوی راهێنانەوە بۆ سلێمانی بگوازرێنەوە، بەڵام لەترسی ئاشكرابون و بۆ شاردنەوەی جموجۆڵەكان، بڕیاردراوە بەچەند قۆناغێك كارەكە ئەنجام بدرێت.

 

بەشێك لەو چەكدارانە كە ئێستا دەستگیركراون، لەلێكۆڵینەوەكانی ئاسایشدا دانیان بەوەداناوە كە پیلانی تیرۆركردنی بافڵ جەلال تاڵەبانی هەبوەو چاوەڕێی كاتژمێر سفڕ و فەرمان بونە.

 

وتوویانە، بەچەكی قەناس تەقەی لێدەكرا و دوواتریش بە درۆنی خۆكوژی هێرش بۆ سەر دەباشان و كەسایەتییە سەربازی و ئەمنی و حزبییەكانی یەكێتیی ئەنجام دەدرا و بارەگاكانیش داگیر دەكران.

 

 
-    ئاشكرابونی پیلانەكە:
دووای ئاگاداركردنەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبونی پیلانێك بۆ تیرۆركردنی و دەستگرتن بەسەر یەكێتیدا، خۆی سەرپەرشتی لێكۆڵینەوەكان دەكات و بەوردی بەدوواداچون دەكەن و دەستیان بە زانیاری مەترسیدار دەگات كە لەهەوڵەكە دڵنیا دەبنەوە.
 

 

ئاسایشی سلێمانی لەرێگەی دادوەرەوە فەرمانی دەستگیركردن بۆ لاهور جەنگی بورهان و ژمارەیەك كەسی دیكە كە لەپیلانەكەدا دەستیان هەبوە.

 

دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی كاتێك دۆسییەكە بەبەڵگە دەخرێتە بەردەمی، دەستبەجێ بەماددەی 56 لەیاسای سزادانی عێراق، فەرمانی دەستگیركردن بۆ هەموو كەسانە دەرەكات كە ناویان هاتووە.

 

" مادەی 56 لەیاسای سزادانی عێراقی، تایبەتە بەرێككەوتنێكی تاوانكاری، واتا زیاتر لەكەسێك رێكبكەون بۆ ئەنجامدانی تاوانێك یاخود كەتنێك، سزاكەشی لە 2 -7 ساڵ زیندانییە".

 

 
-    خۆیان بەدەستەوە نادەن:
 
رۆژی پێنجشەممە 21ی ئابی 2025، فەرمانی دادگا بۆ دەستگیركردنیان دەرچووە، لاهور جەنگی بورهان دەستبەجێ هاوبەشەكانی لەئاشكرابونی پیلانەكەو جموجۆڵەكانی یەكێتیی ئاگاداركردووەتەوە، ئەوانیش پێیان وتووە پێویست بە ترس و دڵەڕاوكێ ناكات، چەند تیمێك دەگەیەنينە لات.

 

 

بەڵام دەستپێشخەری یەكێتیی بۆ داخستنی هەموو بازگەكانی ( كەڵوانان لەنێوان دووكان و سلێمانی، بانی مەقان لەنێوان چەمچەماڵ و كەركوك، تاسلوجە لەنێوان سلێمانی و چەمچەماڵ، عەربەت لەنێوان سلێمانی و هەڵەبجە ) وایكرد شكست بهێنن لەناردنی هێزی تایبەت بۆ بەهاناوەچونی لاهور جەنگی.

 

ئابلوقەی سەربازی خرایە سەر سەرچنار و بەتایبەت لالەزار ( شوێنی مانەوەی لاهور جەنگی )، دانانی بازگەی كاتی و رێگری لەگردبونەوە، بڵاوەپێكردنی هێزی چەكدار لەنێو بارەگاو دامەزراوە حكومییەكان وایكرد، نەتوانرێت خۆیان دەرباز بكەن یاخود پیلانەكەیان پێش بخەن.

 

 
-    درۆن و چەكەكان دەستیان بەسەرداگیراوە:
 
دووای كۆنتڕۆڵكردنی لالەزار و دەستگیركردنی لاهور و پۆلادی برای، هێزە ئەمنییەكان دەستیانگرتووە بەسەر ژمارەیەكی زۆر ( درۆنی خۆكوژ ) و چەكی قەناسدا كە ئامرازی جێبەجێكردنی تاوانەكە بونە.
بونی دەیان ئۆتۆمبێل بەچەكی دۆشكەو بیكەیس لەنێو ئوتێل لالەزار، بەشێك بونە لەپیلانەكە كە بۆ هێرشكردنە سەر هێزەكانی یەكێتیی بەكاربهێنرێت.
 
تەنانەت دەستگیراوە بەسەر جلوبەرگێكی زۆر هێزە ئەمنییەكاندا لەنێو ئوتێلەكە كە ئامادەبونە بۆ بەكارهێنانی لەپیلانەكەیاندا.
 

 

 

-    ئاشكرابونی وردەكاری مەترسیدار:
 
لەدانپێدانانی دەستگیركراوەكاندا، بەپێی ئەو نوسراوانەشی كەوتوونەتە دەستی هێزە ئەمنییەكان، ناوی زۆر كەس و لایەن هاتووە كە لەپیلانەكەدا بەشداربونە، و لەئێستادا بەشێكی زۆریان دەستگیركراون و بەشێكیش هەڵاتوون و لەنێو ماڵەكانیان دەست بەسەر بەڵگەدا گیراوە.
 

 

 

-    بڵاوكردنەوەی دانپێدانانەكان:
 
چاوەڕێ دەكرێت دووای تەواوبونی لێكۆڵینەوەو دەستگیركردنی داواكراوەكان، هێزە ئەمنییەكان تەواوی دانپێدانان و زانیاری و بەڵگەكان بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بخەنەڕوو.