
plus4
پێش هەفتەیەک
کۆمیسیۆن لەسزادانی کاندیدان ناوەستێت و چەندین کاندیدی تری دوورخستەوە
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، سێ کاندیدی تری لەکێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخستەوەو مستەفا سەنەدی بە 10 ملیۆن دینارو وەزیری گواستنەوەشی بە 5 ملیۆن دینار سزادا.
لەوبارەیەوە جومانە غەلای؛ وتەبێژی کۆمیسیۆن ڕایگەیاند: ئەنجومەنی کۆمیسیاران بڕیاری دوورخستنەوەی سەجاد سالم حسێن شاتی لەکێبڕکێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دا.
هۆکاری دوورخستنەوەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ناوبراو بەئاشکرا سووکایەتیی بەکەژاوەی حوسێنییەکان و بەشداربووانی مانگی موحەڕەم کردووە.
ئەو کاندیدە لەئێستادا ئەندامی پەرلەمانی عێراقە، لەسەر لیستی "هاوپەیمانیی بەدیل" لەپارێزگای واست خۆی کاندید کردبوو.
جگە لەو کاندیدە، کۆمیسیۆن هەریەک لە ڕابیعە عەباس قاسم و محەممەد گتوف مەنسوور عەنبەری لەهاوپەیمانیی سەروەریی نیشتمانی و لەبازنەی بەغدا، دوورخستەوە، بەربژێرێکی تریش بەناوی زیکرا مەهدی سەلمان گەڕێندراوەتەوە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردن، هەشت کاندیدیش جێگرەوەی دوورخراوەکان کێشەی بەڵگەنامەیان هەیەو ئەنجومەنەکەش سێ رۆژ مۆڵەتی پێداون بۆ تەواوکردنیان، گەر نا، ناوەکانیان لادەبرێن.
بەپێی بڕیاری ئەنجومەنەکە، بڕی 10 ملیۆن دینار سزای دارایی بەسەر مستەفا سەنەد؛ ئەندامی پەرلەمان و کاندیدی لیستی "ئەبشر یا عێراق"دا سەپاند.
ئەنجومەنەکە 9 کاندیدی تریشی بەهۆی سەرپێچیی بنەماکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بەپێبژاردن سزادا، حەوت لەو کاندیدانە هەریەکە بەدوو ملیۆن دینارو دوو بەربژێری تر بەپێنج ملیۆن دینار سزادا، یەکێکیان ڕەزاق محێبس، وەزیری گواستنەوەی عێراقە عەبدولئەمیر حەسەن لەهاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان بەسەرۆکایەتیی سودانی بەهەمانشێوە سزادراوە.