
Plus4
پێش هەفتەیەک
تۆمەتباری تاوانەكەی خورماتوو لەگەڕەكی شۆرجەی شاری كەركوك دەستگیرکردا
كەمێك بەر لەئێستا، لەگەڕەكی شۆرجەی شاری كەركوك، هێزەكانی پۆلیسی فریاكەوتن دوای ئۆتۆمبێلێك كەوتن و گەمارۆیاندا، پاشان هێزەكە چوونە سەر ماڵێك و كەسێكیان دەستگیركرد.
بەپێی زانیارییەكانی plus4، دەستگیركراوەكە ناوی ( م.ع.ل )ەو تۆمەتباری تاوانەكەی خورماتووە كە نیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕوویداو بەهۆیەوە كەسێك كوژراو سێی تریش برینداربوون.
تۆمەتبارەكە لەكاتی گەڕانەوە بۆ ماڵی خۆی كە لەگەڕەكی شۆرجە بووە، لەڕێگە لەلایەن پۆلیسی فریاكەوتنەوە دەستنیشانكراوەو تابەردەم ماڵی خۆیان دوای كەوتوون، پاشان گەمارۆی ناوچەكەیان داوە.
تۆمەتبارەكە پێشتر برایەكی كوژراوە، ئەمڕۆ چووەتە بەردەم قائیمقامیەتی قەزای خورماتوو بۆ تۆڵەكردنەوە لەبكوژانی براكەی، تەقەی لەئامۆزایەكی بكوژەكە كردووەو سێ كەسیشی تریشی لەنزیك دووكانەكەی برینداركردووە كە دواتر یەكێك لەبریندارەكان گیانی لەدەستداوە.
كوژراوەكە عەرەبە، سێ بریندارەكەی تریش كوردن، ئەو كەسەی تۆمەتبارەكە مەبەستی كوشتنی بووە، بەسەختی برینداربووە.
یەكێك لەبریندارەكانیش مێرمنداڵێكی تەمەن 13 ساڵانە كە پیشەی فرۆشتنی جگەرە بووە.