
Plus4
پێش ٢ هەفتە
بافڵ تاڵەبانی لەبارەی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغداوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی؛ سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەڕاگەیاندراوێکدا، پیرۆزبایی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا دەکات و بەهەنگاوێکی گرنگ بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی دەزانێت.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە:
بەگەرمی پێشوازی لەڕێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق دەکەم، پیرۆزبایی لەکۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەم و سوپاسیان دەکەم بۆ پشوودرێژییان.
هەمیشە باوەڕمان وابووەو داکۆکیش لەسەر ئەوە دەکەین کە دیالۆگ و گفتوگۆ باشترین چارەسەرە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان و گەیشتن بەئەنجامی دڵخواز لەبەرژەوەندیی هاووڵاتیانمان.
هیوادارین ئەم ڕێککەوتنە بخرێتە خزمەتی زیاتری خەڵکە خۆشەویستەکەمان و دادپەروەری هەبێت لەدابەشکردنی داهاتی وڵات و پێدانی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور.
ئێمە قوڵایی ستراتیجی چارەسەرکردنی کێشەکان لەبەغدا دەبینین و لەو ڕێگەیەوە دەتوانین خزمەتی خەڵک و هەرێمەکەمان بکەین.
دەستخۆشی لەهەرکەسێک دەکەین کە هاوکاربووە بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە لەگەڵمان.