
Plus4
پێش ٢ کاتژمێر
🔻ڕاگەیەندراوێک لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە
🔶لە ڕووبەڕوونەوەیەکی چەکداریدا کە زیاتر لە سێ کاتژمێری خایاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ٢٢ی ئاب، هێزەکانمان توانییان ئوتێل لالەزار لەگەڕەکی سەرچناری سلێمانی کۆنتڕۆڵ بکەن و هەموو ئەو چەکدارانە دەستگیربکەن کە ڕووبەڕووی هێزەکانمان بوونەوە.
🔶 لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشەوە فەرمانی دەستگیرکردن بەماددەی (٤٠٦) لەیاسای سزادانی عێراقی بۆ داواکراو لاهور جەنگی بورهان و ژمارەیەك داواکراوی دیکە دەرچوو، فەرمانەكە ئاڕاستەی هێزەکانمان كرا.
🔶 دوای هەوڵی زۆری هێزەکانمان بۆ خۆڕادەست بوونی داواکراوان بەیاسا و ئاگادارکردنەوەیان لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ خودی داواکراوان و هەروەها لەڕێگەی بڵندگۆوە بەناونیشانی (هەر کەس خۆی ڕادەست بکات ژیانی پارێزراو دەبێت، دڵنیاتان دەکەینەوە ژیانتان پارێزراوە) بەڵام بەهۆی پابەندنەبوون بە یاساوە و لەسەر زاری خۆیان رایانگەیاند؛ کە میلیشیای چەکداریان هەیە و رووبەڕووی هێزی ئاسایش دەبنەوە کە هێزێکی فەرمی حکومەتی هەرێمە و بەئەرکی خۆیان هەڵدەستن.
🔶 ئەوان دەستیانکرد بە تەقەکردن لەهێزەکانمان و ڕووبەڕوویان بوونەوە بۆ ئەوەی رێگربن لە دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی لالەزار.
🔶 هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە ئەم پرۆسەیە پاڵپشت بە بڕیاری دادگا هەنگاوەکانی نراوون لەپێناو جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن کەلەلایەن بەڕێز دادوەر دەرچووێندراوە.
🔶هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ توانیان شوێنی مانەوەی تۆمەتباران و ناوچەکە لە لالەزار بەتەواوەتی لەتۆمەتبارانی دەرچوو لە یاسا و میلیشیا چەکدارەکانیان کە هەر شەوی رابردوو خۆیان رایانگەیاند رووبەڕووی هێزە فەرمییەکانمان دەبنەوە، کۆنترۆڵ بکەن.
🔶بەداخەوە لەئەنجامی ڕووبەڕووبونەوەکان (٣) کارمەند لە هێزەئەمنییەکان شەهید بوون و (١٩) کارمەندی دیکەش بریندار بوون.
🔶 ئارامی سلێمانی هێڵی سوورە و ڕێگە بە هیچ تاقم و میلیشیا و گروپێکی لەیاسا دەرچوو نادرێت کە ببێتە هۆکاری تێکدانی ئاسایشی هەرێمەکەمان و تەواوی تۆمەتبارانی لالەزار بەپێی یاسا دەستگیرکران و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.